ڕەخنەی ئایدۆلۆژیای باڵاپۆشی

ڕەخنەی ئایدۆلۆژیای باڵاپۆشی

شەهلا فایەق



وەرگێڕانی: زەردەشت نورەدین

پێشەکی وەرگێڕ

   پەیوەندیی کورد بە ئوستوورە و ئایینەوە جیاوازە لە هەر گەلێکی تر. ئەمە بۆ هەندێ گەلی تریش ڕاستە کە بە ئەندازەی دێرینییان، خاوەنی ڕوانگەی خۆداهێنن بۆ پرسی ژیان، جیهان، گیان، مردن، بووژانەوەی پاش مردن و ... هتد. لەوانە سۆمەرییەکان، میسرییەکان، ئەکەدییەکان (سامییەکان: جولەکە)، هۆرییەکان (کوردەکان)، هیندییەکان، چینییەکان و خۆجێیەکانی ئەمریکای باشور. هەر کام لەو گەلانە ڕوانگەی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ پرسە ئوستورەیی و ئایینییەکان. ئەوەی بۆ ئێمە لێرەدا جێسەرنجە ڕوانگەی ''کورد''ـە. شێوە ژیان و سروشتی هزری کورد ئاوییە[1] و ئەم تایبەتمەندییەی لە ناو ئوستورە و ئایین و بەرهەمە کەلتوورییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە و بووەتە هۆی ئەوەی کورد کێشەی جیدیی لەگەڵ بەرکەوتن، کارلێککردن و وەرگرتی ئایینەکانی تر بە نوسخەی خۆی نەبێت. وەک میهرداد ئیزەدی ئاماژەی پێدەدات، کورد لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ئایینی جوولەکە، ئەو ئایینەی بە نوسخەی خۆی وەرگرتووە، هەمان شت لەگەڵ مەسیحیش دەکات و دواتر دەبن بە مەسیحی. لەسەردەمی هاتنی ئیسلامیش هەمان شت ڕوودەدات. بێگومان پرۆسەی ئایین گۆڕین کردەیەکی بەدەر لە تووندوتیژی، کوشتار و سەپاندن نەبووە؛ قسەکە لەسەر ئەم ڕووەی ئەو وەرگەڕانانە نییە. بەڵکو لەسەر ئەو لایەنەیەتی کە کوردەکان لە هەموو دۆخێکدا نوسخەی خۆیان لەو ئایینە بەرهەمهێناوەتەوە. دیارە ئەم کارەش بۆ ئەو پاشخانە ئوستورەیی و ئایینە دەوڵەمەندە دەگەڕێتەوە کە لە نەستی کۆمەڵایەتی، کاراکتەر و شێوە ژیانی کورد هەبووە و هەیە.

   کوردەکان لەسەر ئاستی کەمینە جگە لەوەی دەست بە ئایینی خۆیانەوە دەگرن لەوانە: ئێزەدی، یارسانی، عەلەوی، شیعەی سەرەتایی و ... هتد ئەوا لە ناو ئایینی ئیسلام نوسخەی خۆیان لەو ئایینە دروست دەکەن وەک تەسەوف و عیرفان کە بە تۆخی لە تەریقەتی قادری و نەقشبەندییدا ڕەنگدەداتەوە. میهرداد ئیزەدی ئاماژە بەوە دەدات فریشتەباوەڕی[2] کە ئایینی هەر کۆنی کوردەکانە لە هەندێ ئایین و ئایینزادا تا ئێستا ماوەتەوە کاریگەری تەواوی بەسەر ڕەوتی عیرفان و تەسەوفی ئیسلامییەوە هەبووە؛ ئەوە جگە لەوەی عارفی گەورەی وەکو عەین قەزات هەمدانی و سوهرەوەردی کورد بووە، ئەوا عاریفی گەورەی وەکو مەنسوری حەلاج ڕاستەوخۆ بەرکەوتەی لەگەڵ نوسخە جۆراوجۆرەکانی فریشتەباوەڕەکاندا هەبووە و پێیان کاریگەر بووە.

   دەشێت بۆ بەرچاوڕوونی جیاوازییەک لە نێوان گەلی جوولەکە و گەلی کوردا بکرێت. ناسنامەی جوولەکە بەدەر لە هەر شتێک ئایینەکەیانە، هەر بۆیەش دەستبەرداری وردودرشتی ئایینەکەیان نەبوون لە بەرانبەردا ئەوەیان لە لا گرنگ نەبووە لەسەر چ خاکێک دەژین؛ واتە جوولەکەکان بۆ چەندین هەزار ساڵ ئایینەکەیان وەک خۆی لە ناو نوسخەی ئەسڵی و سەنتراڵدا پاراستووە. ئەگەرچی مەسیحی و ئیسلام بەجۆرێک لە جۆرەکان ئایینزای جوولەکەن بەڵام لای خودی جوولەکەکان تەڕدن. لە بەرانبەردا کوردەکان دەستبەرداری نوسخەی ئەسڵی و سەنتراڵی ئایینەکەیان بوون و لە ڕێگەی فرەنوسخەیەوە ناواخنەکەیان لە ئایین و ئایینزاکانی تردا بەرهەمهێناوەتەوە، بەڵام خاکەکە، کەلتوور و شێوە ژیانیان پاراستووە و دەستبەرداری نەبوون. ئەمە دەرخەری ئەوەیە بۆ کورد ئایین کێشەی جیدی و پرسی یەکەم نەبووە، سەرەڕای ئەوەی نوسخەی جۆراوجۆریان لە فریشتەباوڕی بە شێوەی جیاواز بەرهەمهێناوەتەوە.

   تا پێش سەردەمی مۆدێرن، کورد توانییەتی شێوە ژیان، کەلتوور و بیروباوڕی خۆی لانیکەم لەسەر ئاستی مانەوە بەشێوەی جۆراوجۆر بۆ چەندین هەزار ساڵ بپارێزێت. بەڵام لە سەردەمی مۆدێرندا، ئەم کارە مەحاڵە لەبەر ئەوەی چیدی ئەو ڕێچکە، شیواز و میکانیزمانەی ئەو کارەی پێدەکرد چیدی ئیش ناکات و کورد کەوتووەتە بەر شاڵاوی قڕبوونی کەلتووری، کەسایەتی، بیروباوڕ و شێوە ژیانی. ئەم تووانەوە و قڕبوونە لە دوای ڕاپەڕینەوە لە باشوور تەنانەت بە ئاراستەی مۆدێرنسازیی شێوە ژیانی کورددا، نەڕۆشتووە و ناڕوات. لەبەر ئەوەی هیچ کام لە هێزە سیاسییەکان نوێنەرایەتیی بەهاکانی ڕۆشنگەری و مۆدێرنیتە ناکەن و هیچ پرۆژیەکی مۆدێرن و سیکولار لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ ناکەن. لە بەرانبەردا لە ناو ئەو بۆشاییە گەورەی پاش ئەو قڕبوونە هاتووەتە ئاراوە، هێزە ئیسلامییەکان خەریکی بیابانسازیی کەلتووری، کەسایەتی، بیروباوڕ و شێوە ژیانی کوردن. بەهۆی نەبوونی پڕۆژی دیاریکراوی حیزبە بەناو سیکۆلار و مۆدێرنەکانی باشور؛ بۆشاییەک هاتووەتە ئاراوە و هێزە ئیسلامییە جۆراوجۆرەکان پرۆژە کۆنەپەرستەکانی خۆیانی تێدا پیادە دەکەن و خەریکی داگیر کردنی کەلتووری، کۆمەڵگا و زیهنیەتی تاکی کوردن. نوکتە تاڵەکە لەوەدایە، حیزبە بەناو سیکۆلارەکان تەسلیمی پرۆژە ئایدۆلۆژییەکانی، ئیسلامییەکان بوون و وردودرشتی ڕوانگەی ئەوانیان قبووڵ کردووە. لەم ساڵانەی دواییدا سەختە بتوانیت لەڕووی کەلتووری، مەعریفی و هزرییەوە جیاوازی لە نێوان میدیای سێبەری حیزبە سێکولارەکان و ئیسلامییەکاندا بکەیت؛ حیزبە سیکۆلار و مۆدێرنەکان وەرگەراون بۆ حیزبی ئیسلامی و هەمان ڕوئیا، زمان، مەعریفە، دونیابینییان هەڵگرتووە. لە دەرەنجامدا باشور لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ڕووی کەلتوورییەوە لەگەڵ ئەفغانستان جیاوازییەکی ئەوتۆی نامێنێت.

   لێرەدا دەبێت ئەو جیاوازییە بەیاد بهێنینەوە کە نێوان تاکێکی موسڵمان و کەسێکی ئیسلامی لە ئارادایە؛ موسڵمان لە سیاقی کوردیدا ئەو باوەڕدارانە دەگرێتەوە کە سەر بە هیچ حێزب، گروپ و ئینتیمایەکی ئیسلامی دیاریکراو نین و هیچ هاوسۆزییەکیشیان بۆی نییە وەک دایکبابی بەشێکی زۆرمان. ''ئیسلامگەرایی کە بە ئیسلامی سیاسییش ناودەبرێت؛ ئەو ئایدۆلۆژیایەیە کە فێرکاری، بیروباوەڕ و بەهاکانی ئیسلامێکی دیاریکراو لەخۆدەگرێت و هەڵگرانی ئەو ئایدۆلۆژیایە وەکو بنەمای سیاسیی دەوڵەتی ئیسلامی تەماشای دەکەن و هەوڵی جێبەجێکردنی دەدەن. دەشێت ئیسلامییەکان تەفسیری جۆراوجۆر بەگوێرەی سورەت و ئایاتەکانی قورئانیان هەبێت. ڕوانگەی ئیسلامی سیاسیی لەسەر پیادەکردنی شەریعەت (یاسای ئیسلامی) لەسەر یەکێتیی ئیسلامییەکان و سڕینەوەی نائیسلامییەکان بینابووە''.[3] دەبێت ئەوەش بوترێت کە نابێت لێکردنەوەی پاشگری سیاسییەکە فریومان بدات لەبەرئەوەی زۆرن ئەو ئیسلامییانەی کە ڕەخنەی حیزبە ئیسلامییەکان دەگرن بەڵام هاوکات خۆیشان هەڵگری هەمان ئایدۆلۆژیای ئیسلامگەرایین. لەم پنتەوە شوێنکەوتوو، لاینەگر و هاوسۆزی ئەو ئایدۆلۆژیایە دەبێتە کەسێکی ئیسلامی کە جیاوازە لە باوەڕدارێکی موسڵمانی سادەیە. باوەڕداری وەک کردەیەکی تاکەسی پەیوەندییەکە لە نێوان مرۆڤ و خودادا و ڕەبتی بە ئایدۆلۆژیای ئیسلامییەکانەوە نییە.

   شتێکی تر کە گرنگە لە پەیوەند بەم بابەتەوە تیشکی بخرێتە سەر، توانستی بەمۆدێرنبوونی گەلی کوردە زیاتر لە هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەمەش هۆکاری مێژوویی-کۆمەڵایەتی خۆی هەیە. نەتەوە زاڵەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکوو عەرەب، فارس و تورک بە حوکمی کارلێکی لەمێژینەیان لەگەڵ ئیسلام و ئامێتەبوونی هزری، زمانی و کەلتووریان بە ئیسلام کەمتر توانستی بەمۆدێرنبوونیان هەیە. ئیسلام و زمانی عەرەبی ئامێتەی جەوهەری کەلتوور، ئەدەب و مەعریفەی تورک، فارس و عەرەب بووە. کورد بەو پێیەی درەنگ هاتووەتە ناو ئیسلامەوە و کاتێک هاتووە بەشێوەی خۆی هاتووە و کەمترین کارلێکی زمانی و کەلتووری لەگەڵدا هەبووە هەربۆیەش مەوداوەرگرتن و جیهێشتنی ئیسلامی سیاسی بۆ کورد زۆر ئاسانترە و ئەمەش توانستی بەمۆدێرنبوونی زیاتر دەکات بە بەراورد بە گەلە سەردەستەکانی تر. زمانی کوردی و بەشداری ئەدەبی زمانی کوردی لە ''ژیار و ئیمپراتۆری ئیسلامی'' ئەوەندە کەمە دەشێت فرامۆش بکرێت. هەژموون و زاڵێتیی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی لەسەر کورد شتێکی زۆر نوێیە، لە باشور لە دوای ڕاپەڕینەوە بەهۆی نەخوێندەواریی ستراتیژیی کەلتوریی یەکێتی و پارتییەوە دروست بووە و گوتارێکە لە دەرەوە بەسەر گەلی کورد سەپاوە و هەرکات هەلومەرجە دەرەکییە داڕوخا ئەوا راستەوخۆ هەژموونەکەشی هەرەس دەهێنێت و دەپووکێتەوە لەبەرئەوەی نامۆیە بە شێوەژیانی کوردەواری.

   لەم سۆنگەوە دەتوانین ژینا ئەمینی وەکوو رەمزی ''ژیانی ئازاد'' و دەرچوون لە ''تەوقی باڵاپۆشی'' کە کرۆکی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسییە چاو لێبکەین و دابڕاو لە کۆی ژیانی کوردەواری و هەلومەرجی ئیستای کوردەواری نەبینین بەڵکوو دەبێت زۆر بەڕاشکاوی ژینا ئەمینی وەک لە دروشمی خۆپیشاندەراندا دەبینرێت بە ژن، ژیان و ئازادییەوە پەیوەست بکرێت. گیانبەختکردنی ژینا وەکوو رووداێکی تاقانە تەماشا بکەین لەناو خەباتی رزگاریی لەمەڕ ژیانی ئازاد. ئاخر ڕێکەوت نییە کە نەکەوتنی کۆبانێ پەیوەست دەبێت بە ئازادی و ئازایەتیی ژنانەوە. هەموو ئەمانە دەبێت لە کۆدا ببینرێت تا زیاتر لە مانای گیانبەختکردنی ژینا تێبگەین.

   ئەم چاوپێکەوتنەی خوارەوە لەگەڵ شەهلا شەفیق تەنیا لەسەر یەک ئەجێندای ئایدۆلۆژی ئیسلامییەکان دەوەستێت کە ئەویش باڵاپۆشییە و هاوکات بۆ پرسی ژنان، سێسکواڵیتە دەبێتە پرسێکی تەوەری. ئەو پرسەیە مێینەی تێدا پێناسە دەکرێت، لە قاڵب دەدرێت و زیندانی تێگەیشتنێکی بەبەردبوو لەمەڕ سێکسواڵیتە دەکرێت. ئەمەش ئەو پرسەیە کە دەبێت بە جیدی وەربگرین و کاری تێدا بکەین.

 

 

ڕەخنەی ئایدۆلۆژیای باڵاپۆشی

 

چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەی ئۆمانیتە فرانس لەگەڵ شەهلا شەفیق[4]

 

ئۆمانیتە فرانس: لەبارەی باڵاپۆشی ئیسلامییەوە چی دەڵێن؟

شەهلا شەفیق: فەلسەفەی باڵاپۆشی لە هەر سێ ئاینی یەهوودی، مەسیحییەت و ئیسلام بریتییە لە شاردنەوەی ژنان لە نیگای نامەحەرەمی پیاوان. بەڵام ڕێچکەی توێژینەوە ئەوە دەخاتەڕوو، کە باڵاپۆشی ژنان دەرخەری پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگایە. لەگەڵ ئەوەی ئایین لە پانتایی ڕۆحانییەت بترازێت و بۆ یاسای بەرێوەبردنی ژیانی تاک کۆمەڵی مرۆڤ وەرگەڕێت، پرۆسەی بەئایدۆلۆژیابوونی ئایین دەست پێدەکات. باڵاپۆشی ئاڵای شەکاوەی ئیسلامگەرایی لە دڵی پرۆژەی سیاسییدایە. گەشە و بڵاوبوونەوەی ئیسلامی سیاسی لە دەیەی حەفتای زایینییەوە، لە زۆرێک لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەشێوەیەکی سیستەماتیک لەگەڵ بە ئایدۆلۆژیابوونی ئایین‌دا لە پەیوەندییدا بووە. میسر، ئێران، جەزایر، تونس یان مەغریب و ... دەچنە ئەو خانەوە. بەهۆی بۆشایی کەلتووری و سیاسیی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان و لاوازی و نەزۆکی بزووتنەوە هیومانیستییەکانەوە، ئایدۆلۆژیای ئیسلامگەرایی دێتەئاراواە. ئامانجی ئیسلامییەکان کاریگەری دانان لەسەر یاسا و دەستکەوتە سیکۆلارەکانە و دواتر زاڵبوونی تەواوەتی بەسەر هەموو پانتاییەکانی ژیان و دامەزراندنی کۆمەڵگای ئیسلامییە، چ لە ڕێگەی بانگەواز و تەبشیر بێت یان چ لە ڕێگەی ململانێی هەڵبژاردنەوە یان لە ڕێگەی توندوتیژی و چەکەوە بێت.

 

 

ئۆمانیتە فرانس: لە نێوان تەشەنەسەندی باڵاپۆشی و دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگادا چ پەیوەندییەک هەیە؟

شەهلا شەفیق: ڕەنگە لە سەرەتادا واباشتر بێت، بۆچی ئەم باڵاپۆشییە پیرۆزە تەنیا بەسەر ژناندا دەسەپێت؟ لە ڕێگەی ئەم پرسیارەوە پێ دەنێینە ناو لایەنی سێسکواڵی پرسەکەوە. یاساکانی ئیسلام (شەریعەت) لایەنگری هەڵاوێردی سێکسییە. یاسای ئیسلامیی خێزان بە باشی ئەوە پیشاندەدات کە چۆن ماف و ئەرکەکانی مرۆڤ پەیوەست بە سێکسواڵیتەوە پۆڵێن کراوە: پیاو؛ باوک، مێرد و سەرۆکی خێزانە و ژن؛ کچ، خۆشک، هاوسەر و دایک بەهۆی بەرژوەندیی خێزانەوە ناچار بە ملکەچییە. بێگومان هەموو یاسا ئایینییەکان لە خزمەتی سیستەمی باوکسالاردایە و بەم بۆنەوە لەگەڵ نەزمی دڵخوازی ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا تەبایە. بەم بۆنەوەیە کە لە هەندێک لە وڵاتەکاندا، سەرەڕای ئەوەی یەکسانیی ژن و پیاو لە دەستوورەدا دەستەبەر بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە پانتایی یاساکانی خێزان و مافی ژنان ئەم یەکسانییە مافییە بەئاسانی پێشێل دەکرێت. بۆ نمونە لە جەزایر، یاسای خێزان لە ساڵی ١٩٨٤ لە ژێر کاریگەری دانووسان لەگەڵ ئیسلامییەکاندا دانرا. حکومەت بۆ پاراستنی پێگە و دەسەڵاتی خۆی، بەرتەسککردنەوەی ئاینی و ئایدۆلۆژییەکانی خزاندە ناو یاساکانەوە. سەرنج بدەین، تێکەڵکردنی شوناسی ئاینی بە شوناسی نەتەوەیی هەردەم چووە و دەچێتە خزمەتی هێشتنەوەی ڕێژێمە دیکتاتۆرەکانەوە. لەو وڵاتانەی کە پێی دەوترێت موسڵمان، ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان، ئایینیان وەکو کەرەستە بەکارهێناوە و لەگەڵ ئیسلامییەکان خەریکی بینەوبەردە بوون. بەڵام ئەم [جۆرە مامەڵە] نەشتەرێکی دووسەر بووە کە هەندێجار بە ئیسلامییەکان ئەو ئیمکانەی داوە بیقۆزنەوە و ڕەگوڕیشەی خۆیان لە کۆمەڵگادا تۆکمە بکەن، تەنانەت لە هەندێ باردا، حکومەتەکان ئاوەژوو بکەنەوە.

 

 

ئۆمانیتە فرانس: چۆنچۆنی باڵاپۆشی دەبێتە ڕەمزی ئەجێندای سیاسیی ئیسلامییەکان؟

شەهلا شەفیق: ئیسلامییەکان باڵاپۆشی وەکو بنک و ڕەمزی شوناس ڕادەگەێنن و لەو ڕێگەوە بەحساب شان و شەوکەتی ژنان دەپارێزن. دەڵێن بەو جۆرە ئازیزتر و پارێزراوترن، هەروەها تەواوکەری پیاون. لە ڕوانگەی ئەوانەوە [چەمکی] یەکسانی «رۆژئاواییە» و لەگەڵ «کەلتوری ئیسلام»دا ناتەبایە، هەربۆیەش دەبێت فڕێ بدرێت. لە کاتێکدا یەکسانیی [مافی] ژن و پیاو، بەهایەکی گەردوونییە کە دەبێت هەموو مرۆڤەکانی جیهان بگرێتەوە. ئیسلامییەکان بەمەبەست ئازادیی سێکسواڵیتە و مافی سێکسی لەگەڵ فاحیشەیی و پۆرنۆگرافی هاوتا دەکەن، وەها بانگەواز دەکەن کە ئەو نموونەی ئەوان بۆ خێزان دەیخەنەڕوو، ئاسایشی ژنان دەستەبەر دەکات. لە دۆخی قەیرانی کۆمەڵایەتیدا ئەم تێڕوانینە دەشێت بۆ هەندێ ژن کە سۆراخی شوناس یان پاڵپشتی ئارامیی دەکەن، سەرنجکێش بێت. ئیسلامییەکان بە زیندووکردنەوەی پێوەرە [ئیسلامییەکانی] سێسکسواڵیتە، بانگەشەی پاراستن و کەرامەتی ژنان دەکەن. ئەم ئەڵتەرناتیڤە ئایدۆلۆژییە لەو شوێنەدا کە سیاسەت و کەلتوور پانتاییەکەیان چۆڵ کردوە، دەخزێنە ناو پانتاییەکەوە و بڵاودەبنەوە، چ لە وڵاتێکی بەناو ئیسلامی یان وڵاتێکی ئەوروپی وەکو فەرەنسا.

 

ئۆمانیتە فرانس: کەواتە باڵاپۆشی شتێکە زیاتر لە پۆشاک؟

شەهلا شەفیق: باڵاپۆشکردنی ژنان دەشێت هۆکاری جۆراوجۆری هەبێت. بەڵام بە هەر چەشنێک بێت، باڵاپۆشی ئاماژەیەکی ڕەگەزتەوەرە و دەربڕی ژنێتییە لە ڕوانگەی پیاوانەوە. باڵاپۆشی جەستەی ژن بۆ کەرەستەیەکی سێکسیی کورت دەکاتەوە. لە هەمان کاتدا ئیسلامییەکان ئازادیی ژنان وەکو پرسێکی شەیتانیی دەخەنەڕوو کە سەرچاوەی لەناوچوونی ئەخلاق و هەڵوەشانەوەی خێزانە. ئەوان ئازادیی ژنان بە بەرهەمی «ڕۆژئاوای کافر» دەزانن و لە بەرانبەردا باڵاپۆشی، بە سەنگەری پاراستنی ژنان دەخەنەڕوو.

 

 

ئۆمانیتە فرانس: بەڵام زۆرن ئەوانەی باڵاپۆشی هەڵدەبژێرن...

شەهلا شەفیق: بێگومان پرسەکە پەیوەستە بەوەی لە هەڵبژاردنەوە سەرچاوە دەگرێت یان بەهۆی ئیجبار کردنێکی جیاواز و [نەبینراوەیە]. نابێت وەها وێنا بکرێت کە هەر ژنێک لەچکەی هەبوو ئیسلامییە. هەروەها نابێت بە هێنانە بەرباسی چەمکی هەڵبژاردن، موناقەشە لەبارەی باڵاپۆشییەوە کۆتایی پێبهێنرێت. بەپێچەوانەوە دەبێت لە چارەنووسی تاکدا ڕۆبچین؛ ژینگەی ژیان و دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی لەبەرچاو بگیرێت. هەندێک لە کۆمەڵناسان و ڕۆشنبیران لەگەڵ ئەوەی باسی هەڵبژاردن دەکرێت، موناقەشەی باڵاپۆشی بە شتێکی کۆتاییهاتوو دادەنێن. لەکاتێکدا هەڵبژاردنی باڵاپۆشی هیچ لێکچوونێک یان ڕەبتێکی بە هەڵبژاردنی سووراوی ڕەنگی سوورەوە نییە. لەبەرئەوەی باڵاپۆشی پەیوەندیی ڕەگەزتەوەر بە ناوی پرسی پیرۆزەوە بەسەر ژناندا دەسەپێنێت. بەم شێوەیە جەستەی ژن وەکو شوێنی گونا‌ه دەردەکەوێت. شێوازی بیرکردنەوەی لەو جۆرە پیاو بۆ بوونەوەری شەهوەت جڵەونەکراو کورت دەکاتەوە. لە دەرەنجامدا پەیوەندیی ژن و پیاو ڕوخسارێکی شەیتانی وەردەگرێت. ڕێچکەیەکی لەو جۆرە چ کاریگەری و ئەنجامی لە بواری ئازادیی ژنان و پیاواندا دەبێت؟ ئەمە پرسیارێکی سەرەکییە کە دەبێت وڵامی بدرێتەوە.

 

ئۆمانیتە فرانس: بۆچی بیرۆهۆشی ئیسلامییەکان ئەوەندە دەرگیری جەستەی ژنانە؟

شەهلا شەفیق: لە ئاستە قوڵەکانی هەموو کەلتوورە باوکسالارەکاندا وێنەی دوانەی سۆزانی و دایک هەڵکۆڵراوە. لەلای هەموو ئەوانە دایک لە چوارچێوەی خێزاندا پێگەیەکی بەرزی هەیە. بەڵام ژنی ئازاد بە سۆزانی یەکسان دەکرێت و ئازادیی سێکسی بە لەشفڕۆشی دادەنرێت. هەموو کەلتوورە باوکسالارەکان ئەوەی کە ژن خاوەنی جەستەی خۆی بێت بە شتێکی خراپی دەزانن. ئیسلامییەکانیش هەمان ڕوانگە بڵاودەکەنەوە تاوەکو نەزم و ڕژێمی کۆنەپەرستی خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن؛ ئەو نەزم و ڕژێمەی کە گوایە خودا پێشوەختە پێگەی ژن و پیاوی دیاریکردوە. لە ڕوانگەی ئیسلامییەوە ئەم نەزم و ڕژێمە دەبێت لە هەموو پانتاییەکانی ژیاندا پیادەبکرێت تاوەکو تۆتالیتاریزمێک بەناوی خوداوە دامەزرێت. هیرارشی سێکسواڵیتە بڕبڕەی ڕژێمی ملکەچییە و ئیسلامییەکان خوازیاری ڕژێمی لەو جۆرەن.

 

ئۆمانیتە فرانس: مەگەر ئەو جۆرە شێوازە بیرکردنەوە بۆ ئوسوڵییەکانی هەموو ئایینەکان ڕاست نییە؟

شەهلا شەفیق: بێگومان. هێڵە گشتییەکانی ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە لە هەموو ئوسوڵییەکانی ئایینەکاندا دەبینین، هەروەها دەستەواژەی بەناو «ڕژێمی ئەخلاقی» لەلای نیوکۆنزەرڤاتەکانیش کە ئامانجیان ئایدۆلۆژیا دروستکردنە لە ئایین دەبینین. هەڵاوێردی ڕەگەزی و تۆقین لە هاوڕەگەزخوازی توخمە بنەڕەتییەکانی جیهانبینی لەو جۆرەیە. لەبەرئەوەی ئازادیی ژنان و مافەکانی هاوڕەگەزخوازان لە ڕوانگەی ڕژێمی کۆنەپارێزەوە کە بەدوای جێگر بوونییەوەن، ئەو ڕژێمە دڵخوازەیان تێکدەدات، هەربۆیەش ڕەتکراوەیە. ئوسوڵییەکان جەستەی ژن بە سەرچاوی خراپە دادەنێن و ئازادیی و سەربەخۆیی جەستەی پێڕەوا نابینین. لە ئێستادا لە هەندێ لە وڵاتانی وەکو پۆڵەندا بینەری هێرشی ئەوانین بۆ سەر [مافی] لەباربردنی کۆرپەلە. وڵاتی فەرەنسا بۆ هێنانەدی ڕژێمی سیکۆلار مێژوویەکی پڕ هەڵبەزودابەزی ململانێی لەگەڵ کلێسادا ئەنجامداوە. هەر ئەو ڕژێمە سیکۆلارە ڕێگەی یەکسانیی ژن و پیاوی لە پانتایی خێزاندا ڕەخساندووە و ڕەزامەندی زۆرێک لە کاسۆلیکەکانی لە هەردوو ڕەگەز دەستەبەر کردووە. یەهوودییە ئوسوڵییەکانیش بەرهەڵستی تێکەڵکردنی ژن و پیاو دەکەن. لەو جەنجاڵ و هات‌وهاوارەی کە بۆ جیاکردنەوەی ژنان لە پیاوان لەناو پاسدا کردییان هێشتا زۆری بەسەردا نەچووە.

 

 

 

ئۆمانیتە فرانس: بۆچی ئیسلامییەکان لەبارەی [چەمکی] خەڵکەوە نادوێن بەڵکو لەبارەی ئۆمەتەوە دەدوێن؟

شەهلا شەفیق: ئیسلامییەکان چەمکە ئایینییەکانیان ئایدۆلۆژی کردووە، تاوەکو چەمکی ئۆمەت وەکو ئاپۆڕایەکی چوونیەک و هاوچەشن لە شوێنی «خەڵک» دابنێن. پوکانەوەی چەمکی خەڵک لە بنەڕەتەکانی ڕژێمی سیاسیی مەبەستی ئەوانە؛ ئەو ڕژێمەی کە حکومەت تێیدا دەسەڵات و ئۆتۆریتەی خۆی لە فەرمانەکانی خوداوە وەردەگرێت و ئەندامانی ئۆمەتی باوەڕدار ناچار بە ملکەچی و پەیڕەو دەکات. لە ڕژێمی دیموکراسیدا، کۆمەڵگا دەرەنجامی کۆیەتی تاکی سەربەخۆ، ئازاد و یەکسانە، لە کاتێکدا ڕژێمی ئیسلامی یەکێتیی ئۆمەت لەسەر بنەڕەتی لایەنگری ئایینی بەتایبەت لە نوسخەی فەرمانڕەواکان بۆ ئایین پێکدێت و ئیسلامییەکان دەبنە نوێنەری خۆدانراوی خودا لەسەر زەوی.

 

ئۆمانیتە فرانس: ئایا ژن داهاتووی ئۆمەتە؟

شەهلا شەفیق: نەخێر! ئەوان بە پارێزەری نەزمەکە دێنەئەژمار. ڕژێمە باوکسالارەکان بۆ مانەوە و بەردەوامی نەریتەکانیان، ڕۆڵی ژنان لە خێزاندا بە هەندوەردەگرن. لەبەرئەوەی ژن پەروەردەکەری منداڵە و خێزان خانەی بنەڕەتی ئۆمەتە. شایەنی باسە لەپەیوەند بە ڕووبەڕووبوونەوەی هاوڕەگەزخوازان بۆ پێکهێنانی خێزان، ئوسوڵگەراکانی هەموو ئایینەکان بە تەنیشت یەکەوە، هاودەنگ لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشداری دەکەن.

 

ئۆمانیتە فرانس: ئایا لەناو ئیسلامییەکاندا ڕێچکەیەکی نوێ لەمەڕ ژنان لەئارادایە؟

شەهلا شەفیق: ئیسلامییەکان سەروکاریان لەگەڵ ئەو ژنانەدا هەیە کە مافی خوێندن و مافی ئیشکردنیان بەدەست هێناوە؛ هەندێ لە ئیسلامییەکان حساب بۆ ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە دەکەن، لەبەرئەوەی ئیسلامیش ڕەوتی جۆراوجۆری هەر لە ئوسوڵگەراوە بۆ لیبراڵ هەیە. هەندێک لە ئیسلامییەکان باڵاپۆشی بە زیندانی کردنی ژنان لە فەزای ماڵەوە و دەرکردن لە فەزای گشتی و کۆمەڵگا، ژینگەی زانستی و پیشەیی هاوتا ناکەن. بەڵکو لە بانگەوازەکانیاندا زیاتر جەخت لەوە دەکەنەوە کە ژنان و پیاوان بە دوور لە وەسوەسەی پیس بتوانن بنیاتی خێزان بەگوێرەی نەگۆڕەکان و پێوەرەکانی ئیسلام بینا بکەن. لەم سۆنگەوە تەبشیری ئەوان لەلایەک باڵاپۆشی بە سەنگەری دژ بە بێ‌سەرەوبەرەیی سێکسی و ئەخلاقی دادەنێت و لەلایەکی تر کەرەستەیەکە بۆ زیندووکردنەوەی شان‌وشەوکەتی ژن و بەرگرتن بە کاڵابوونی ژنان. لەم ڕوانگەوە ئیسلامییەکان باڵاپۆشی بە مەرجی بەشداری ژنان لە کۆمەڵگادا دەزانن. هاوشێوەی تاریق ڕەمەزان و شوێنکەوتووانی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن «باڵاپۆشی پاسپۆرتی ژنانی موسڵمانە بۆ بوون بە هاووڵاتی». پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە بۆچی ژنان بۆ چوونە ناو فەزای هاووڵاتیبوون پێویستیان بە پاسپۆرتە؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە ژنان مافگەلێکیان بەدەست هێناوە و ئیسلامییەکان دەیانەوێت ستراتیژی خۆیان لەگەڵ ئەو دۆخە بگونجێنن بۆئەوەی ژنان لە ئاراستەی پرۆژە ئیسلامییەکان تەیار بکەن.

 

ئۆمانیتە فرانس: بۆچی خەبات بۆ ئازادیی ژنان بەم ڕادەیە سەختە؟

شەهلا شەفیق: فێمینیستەکان لەوە تێگەیشتوون ڕزگاریی ژنان کاتێک دێتە ئاراوە کە یەکسانیی ماف و ئازادی لەپەیوەند بەیەکەوە لەبەرچاو بگیرێت. ئەوان دەزان کە بەبێ ئەو پەیوەندییە هاتنەدی دەستکەوتە یاساییەکان لەگەڵ بەربەستی کۆمەڵایەتی و کەلتووری ڕووبەروو دەبێتەوە، لەبەرئەوەی مێژووی ژنان پەیوەستە بە مێژووی ڕەفتار و کردەی مرۆڤەکانەوە. ئەوە ڕاستە کە دەبێت یاساکان بگۆڕدرێت، بەڵام دەبێت زیهنیەتەکانیش بگۆڕدرێن تاوەکو ڕزگاریی ژنان بێتەدی. بۆ نمونە بۆ هاتنەدی سەروەریی ژنان بەسەر جەستە و گیانی خۆیاندا، پەسنەدکردنی یاسای لەباربردنی کۆرپەلە کافی نییە، بەڵکو دەبێت بەشێوەیەکی سیستەماتیک یەکسانیی ژن و پیاو و ماف و ئازادیی سێکسی، کاری فێرکاری و پەروەردەیی ئەنجام بدرێت. بوونی ئازادییە تاکە کەسییەکان بۆ پێشکەوتن و بڵاوبوونەوەی ئەم فێرکارییانە مەرجی بنچینەییە، بەتایبەت کە ئەم بوارانە سەر بۆ پرسە شەخسییەکانی مرۆڤ لەوانە جەستە، پەیوەندیی سێکسی، ئیرۆتیزم و عەشق دەکێشێت. ئایا دەبێت بپەڕژێینە سەر ئەم پرسانە بەبێ ئەوەی ئازادی وەکو بەهای هاوبەشی نێوان مرۆڤەکان بە فەرمی بناسین؟ دۆخی ژنان پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەم ئازادییانەدا هەیە، هەر مۆدێلێکی کۆمەڵایتی دەبێت وڵامی ئەو پرسیارانە باتەوە. لەڕاستیدا پرسی گۆڕانکاری و هەموارکردنی دۆخی ژنان بنیاتی ڕژێمە کۆمەڵایتی و سیاسییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

 

 [1] - بۆ ئاگاداربوونی ئەم تێزە لەسەر کورد دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەم وتارە؛

ئاو: کۆڕازی مێژووییەکی لەبیرکراو

 

[2]- Yazdânism, or the Cult of Angels


[3] https://en.wikipedia.org/wiki/Islamism

 

[4] - لە ساڵی ٢٠١٦دا بابەتی ئیسلام و ئیسلامگەرایی یەکێکە لە مژارە گەرمەکانی میدیای گشتی فەڕانسایە. ڕۆژنامەی ئۆمانیتە یەکێکە لە ڕۆژنامە موعتەبەرەکانی سەرتاسەری فەڕەنسا، کە ئینتیمای چەپی هەیە، بەم دواییانە (٢١ ئۆکتۆبەر هەینی) چاوپێکەتنێکی لەگەڵ شەهلا شەفیق بڵاوکردەوە کە سەرنجی زۆری چووە سەر.


Report Page