لەبارەی ئیمکانەکانی بوونەوە

لەبارەی ئیمکانەکانی بوونەوە

بڵند ئیزەدی



 ئیدمۆند هۆسرێڵ، فەیلەسووف و ماتماتیکزانی ئەڵمانیی سەدەی بیستەم، لە زنجیرە کۆڕێکیدا لە دەوروبەری ساڵانی ١٩٣٥ـدا، قەیرانێکی دونیای مۆدێرن دەخاتە ڕوو، قەیرانەکە بە بڕوای هۆسرێل (کە لە پاشتردا بوو بە بنەمای ڕەخنەکاریی بەشێک لە بیریارانی سەدەی بیستەم لەبارەی مۆدێرنیزمەوە) قەیرانێکی هێندە گەورە بوو، کە گومانی دەخستە سەر زانست و لە هەندێک ئاستدا فەلسەفەیش. قەیرانەکە هۆسرێڵ دەیبەستەوە بە سەرەتاکانی مۆدێرنیزم، کە بە گالیلۆ و دیکارت ناوزەند دەکرێن. ئەو وا بیری دەکردەوە کە ژیان لە پاش مۆدێرنیزمەوە، کورت کرایەوە بۆ بابەتی لێکۆڵینەوەی تەکنیکی و زانستی، ئیدی لە سەرەتاکانەوە کە بریتییە لە بوونی مرۆڤ لای دیکارتەوە، وەختێک کە خۆی بە خاوەنی سرووشت دەزانێت (خودی بیرکەرەوە بەمانایەک)، دەگات بە بوکەڵەیەک بەدەست هیزەکانی ٣ کایەوە کە هوسرێڵ لەبارەیانەوە دەدوێت: "مێژوو، تەکنەلۆجیا و سیاسەت"[١]. لێرەوەڕا، هۆسرێڵ وای بۆ دەچوو، مۆدێرنیزم تەنگەژەیەکی بۆ خودی ژیان و خۆیشی وەک بەشێک لە ژیان، درووست کردووە. لە پاشتردا هایدیگەری قوتابی هوسرێڵ درێژە بەم ڕەوتە دەدات، تا ئەوەی دەگات بە چەمکە بەناوبانگەکەی خۆی لەبارەی ئەم تێزە بەناوبانگەی سەدەی بیستەمەوە: "لەبیرچوونەوەی بوون"، ڕەخنەی هایدگەر لە باری ژیانییەوە، بریتیی بوو لە ناکامییەکانی مۆدێرنیزم بۆ مرۆڤ، کە تێیدا فەلسەفە و زانستەکان نیشەجێبوونی مرۆڤیان بیری خودی مرۆڤ خۆی بردووەتەوە. بەبڕوای هایدگەر هیچ زانست و فەلسەفەیەک لە مۆدێرنیزمدا، ئاماژەی بە "لەبیرچوونەوەکانی بوون" نەداوە، بەڵکوو بەشداریش بوون لە "لەبیرچوونەوەی بوون"{٢]. لە بوون و کاتـدا، هایدگەر کە باس لە ڕەسەنایەتیی دەکات، بڕوای وایە هەموو فەلسەفە و زانستی مۆدێرن ئەم چەمکەیان بیرچووەتەوە، ئەمەش وای لە مرۆڤ کردووە، کە بە گوتەی هۆسرێڵ "تا زانینی زیادی کرد، ڕوانگەی بۆ دونیا و بۆ خۆیشی کرچوکاڵتر بوویەوە"[٣].

 

٢

    لە ڕاستیدا شتێکی گەلێک گرنگ هەیە لێرەدا. سەرباری تێزەکانی هۆسرێڵ و هایدیگەر، لە ناو دڵی ئەم تێزانەوە، تێزێکی گرنگ لە مێژوودا لەلای یەکێک لە گەورەترین ڕۆماننوسەکانی ئەوروپا لە دایک دەبێت لەبارەی ڕۆمانەوە. ئەویش تێزەکەی میلان کۆندێرایە بە ناونیشانی: "ڕۆمان وەک کۆڵەری بوون"[٤]. تێزەکەی کۆندێرا لەمەڕ ڕۆمان، بەرئەنجامی ڕەخنەکاریی کۆندێرایە لە بەرامبەر چەمکی "لەبیرچوونەوەی بوون"ـی هایدگەر. بەبڕوای کۆندێرا، جگە لە ڕەخنەکاریی مۆدێرنیزم بەو شێوازە، شتێکی دیکەیش هەیە کە هایدگەر و هۆسرێڵ پەیوەست بە دونیای مۆدێرنەوە لەبیریان کردووە؛ ئەویش ڕۆمانە. لای کۆندێرا ڕۆمان بریتییە لە "کۆڵەری بوون"، بە مانای ئەوەی ڕۆمان لە پانتایی ئەدەبیاتدا، خەریکە ئیمکانەکانی بوون، هەروەها بوونی مرۆڤ دەنێو مۆدێرنیزمدا کەشف دەکات. بەبڕوای کۆندێرا واقع تەنها ئیمکانێکە لەناو ئیمکانگەلێکی دیکەی بووندا؛ ئا لێرەوە کەشفکردنی ئیمکانەکانی دیکە، دەبنە کاری ڕۆمان، ئەویش لە پانتایی لێکۆڵینەوەی زانستی و فەلسەفیی نا؛ بەڵکوو لە ئەنجامی خودی ئەدەب خۆیە، لە ڕێگەی کەناڵی ڕۆمانەوە[٥]. کۆندێرا بەخاتری کۆڵینەوە لە "لەبیرکراوەکان"، یاخوود کەشفکردنی ئیمکانەکانی دیکەی بوونی مرۆیی، ستایشی ڕۆماننوسە گەورەکانی ئەوروپا دەکات: "لای من بەتەنها دیکارت پێشەنگی مۆدێرنیزم نییە، بەڵکوو سێرڤانتیسیشە"[٦]. پاشتر لە وتارە بەناوبانگەکەی خۆی بەنێوی "میراتی غەدرلێکراوی سێرڤانتیس" بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ڕۆمان "لای ڕیچاردسۆن کەوتە تاقیکردنەوەی ئەوەی لە ناوەوە ڕوودەدات، بۆ لادانی پەردە لەسەر هەستەکان و نهێنییەکان. لەگەڵ بەلزاکدا ڕەگداکوتاویی مرۆڤ لە مێژوودا کەشف کرا. لەگەڵ فلۆبێردا، بەقوڵایی ژیانی ڕۆژانەدا ڕۆچووە خوارەوە، کە پێشتر نەزانراو بوو. لەگەڵ تۆلستۆیدا تەرکیزی کردە سەر دەستێوەردانی ناماقوڵ لە ڕەفتارەکان و بڕیارەکانی مرۆڤدا..."[٧]. کۆندێرا بەردەوام دەبێت و ڕستەیەکی هێرمان برۆخ دێنێتەوە لەبارەی ڕۆمانەوە، "تاکە هۆی بوونی ڕۆمان، دۆزینەوەی ئەوەیە کە تەنیا خۆی دەتوانێت کەشفی بکات." یاخوود لە شوێنێکی دیکەدا ئەوە ڕادەگەیەنێت، "ڕۆمان بە خوێنەر دەڵێت، شتەکان هێندە بەو سادەییە نین کە تۆ دەیبینیت"[٨].


٣


    ڕۆمانی "حەشری ئاشقانی" زەردەشت نورەدین، ڕۆمانێکە سەر بەم نەریتەی کۆڵینەوەیە لە بوون. گێڕەرەوەی سەرەکی لە ڕۆمانەکەدا، هەروەها گێڕەڕەوەی هەمووشتزان لە ڕۆمانەکەدا نییە؛ تەنانەت کاراکتەرەکان هێندەی لە کارەکتەری دژەپاڵەوانەوە نزیکن، هێندە لە خودی پاڵەوان بەو مانا کلاسیکەی بەکار دەبرێت، نزیک نین؛ بەڵکوو گێڕانەوە لە ڕۆمانەکەدا، شێوازی فرەگێڕەرەوەیە. ئەمەیش بۆ خۆی خوێنەر بەرەو ئەو پرسیارە دەبات: بۆچی فرەگێڕەرەوە؟ پێدانی زمان بە هەموو کارەکتەرێک لە ڕۆمانەکەدا، پێدانی شوناسێکی دیکەیە کە ئەم کارەکتەرانە دەتوانن خۆیان دیاریی بکەن لە کۆمەڵگەدا؛ بیر بکەنەوە و گفتوگۆ بکەن و ئازادیی جەستە و دەروونیان ئەزموون بکەن. شۆکە ڕاستەوخۆکە لەو شوێنەدا درووست دەبێت کە زمانی کارەکتەرەکان زمانی کارەکتەرگەلێکی تازەی ناو دونیای ئەدەبیی کوردییە (لە دواتردا دێمەوە سەر ئەم خاڵە).

    ڕۆمانەکە لە پانتایی دۆزینەوەی ئیمکانەکانی دیکەی بوونی مرۆڤی کوردی، خەریکە ئیمکانێکی دیکەی ژیانکردن و شێوەژیان بۆ کۆمەڵگەی کوردیی دەدۆزێتەوە. حەشری ئاشقان کارکردنێکی تەلیسماوییە لەبارەی کۆڵینە لە دۆزینەوەی شوناسێکی جیاوازتر لەو شوناسانەی مرۆڤی کورد لە واقعدا لێی بار کراوە. ڕێک بەو واتایەی کە خەریکە ئیمکانی شوناسێکی دیکە بە مرۆگەلێک لە کۆمەڵگەی کوردییدا بدات.

    هەوڵی زەردەشت بۆ دیاریی کردنی ئەم شوناسە، بەشێوازێک لە ڕێگەی باسکردنی کۆنەستی مرۆییەوە بەرجەستە دەبێت. ئەم ڕەهەندە لە ڕۆمانەکەدا، لە سەرەتاوە تاوەکوو کۆتایی درێژەی دەبێت و هێڵێکی ڕوانگەکە لە ڕۆمانەکەدا پێک دەهێنێت. ئەم کۆنەستە مرۆییەوە، گۆشەنیگای پێش‌مێژووی و مێژووی و هەنووکەیی تێدا بەرجەستە دەکرێت، هاوکات خەریکی پەرەپێدانەکەی خۆیشییەتی بۆ پێدانی شوناسێکی جیاواز. واتە چێبوونی شوناسەکە لەڕێگەی تەقەلای باسکردنی ئەم کۆنەستەوە شێوە دەگرێت. لەلایەک ئیبراهیم و پیاوسالاری، لەلایەک هونەر، لەلایەک بونگەرایی تەقلیدی و لەلایەک ڕووکەشگەرایی ئەم سەردەمە، دەبنە هەوێنی ئەم شوناسبەخشینە، کە وەک وتمان: بریتییە لە ئیمکانێکی دیکەی بوون. کەشفکردنی ئەم ئیمکانەش لە ڕێی کۆنەستی مرۆڤەوە، پێویستی بە گێڕانەوەی کۆنەستەکە، شیکردنەوەی کۆنەستەکە، ڕەخنەکاریی کۆنەستەکەیە، کە وای دەبینم زەردەشت لە ڕۆمانەکەدا، لێزانانە نەخشەسازیی کردووە. ڕێگەیەکی دیکەی زەردەشت بۆ دۆزینەوەی ئیمکانی جیاوازی مرۆڤی کوردی، نەخشەکێشانی جۆرێک لە کارەکتەرە کە هەڵگری ئارەزوو و شێوەژیانی ترن- لە دواتردا لەسەر ئەم خاڵە دەوەستین.

٤

    زەنگی لەدایکبوونی کارەکتەرێکی تازە لە ئەدەبی کوردیدا، بانگێکی دیکەی گرنگی ناو ڕۆمانەکەیە. بەدرێژایی ئەدەبی کوردی، کەم کارەکتەر هەبوون یاخوود هەر نەبوون کە بزانن و خاوەن مەعریفەیەکی گەورە بن. ئەم کارەکتەرانە "دەزانن"، کارەکتەرگەلێکن کە ئاگاداری مێژوو، سێکسواڵیتی، ئووستوڕە، ئەنسرۆپۆلۆجیا و هونەرن. مەم و زین چیدی مەم و زینێک نین ناسیومانن، خەج و سیامەند چیدی ئەو خەج و سیامەندە نین ناسیومانن؛ تەنانەت ڕۆزانا و کامەرانیش چیدی ئەو دەنگە نین کە لای شێرکۆ بێکەس هەن. تەنانەت دەتوانین هەندێک کارەکتەر تا ئەو شوێنە درێژ بکەنەوە کە دژە ئیبراهیمین؛ هاوکات دژەپیاوسالاریشن. لەدایکبوونی ئەم کارەکتەرانە لەم ڕۆمانەدا، هەروا سانا نییە، بەڵکوو دەچێتە هەناوی ئەتمۆسفێری ڕۆمانەکەوە. لێرەدا خوێنەر کۆمەڵێک ڕوانگەی جیاوازی لەبارەی کۆمەڵێک پرسەوە بەر دەکەوێت، لە نمونەیەکی زۆر سادەدا، لە دوو کارەکتەرەوە دوو تێگەیشتنی جیاواز لەبارەی ڕووداوی قوربانیکردنی ئیسماعیل لەلایەن ئیبراهیمەوە هەیە. لە یەکێکیاندا دەبیستین کە زینە، " ئیبراهیـم بـەوەی کـە ئامادەیـی تێدابـوو، ئیسـماعیل بکاتـە قوربانـی، نەریتـی قوربانیکردنـی منداڵـی لـە مێـژوودا پووچـەڵ کردەوە و قۆناغی ئاژەڵ بە قوربانیکردن شـوێنی ئەوەی گرتەوە و ئەمـە هەنگاوێکـی گرنگـە لـە مێـژووی ئاییندا. ئیبراهیـم قوربانیکردنی منداڵـی بـەو ئامادەییـە قەدەغـە کـرد" دووەمینیان کە کارەکتەری خەزاڵە، دەبیستین: " بەپێچەوانـەوە لـە قوربانیکردنـی ئیسـماعیلدا منـداڵ بەرانبـەر بـاوک بـۆ هەمیشـە کـەوت و منـداڵ بـوو بە موڵکـی باوک وەک چۆن خێـزان، زەوی و ئاژەڵـەکان موڵکـی باوکـن. ئـەی ئێسـتا نابینیـت کـە لەسـەر پرسـی شـەرەف چەنـد بـە ئاسـانی باوکێـک دەتوانێـت منداڵەکـەی خـۆی بکوژێـت وەک ئـەوەی مەڕێک یان بزنێک بکوژێت، تۆ پێت وایە ئەو دەسەاڵتە ڕەهایەی باوک بەسەر منداڵدا لە کوێوە دێـت. تەنانـەت ئـەو نەریتـە لـە قورئاندا بە تۆخـی ڕەنگ دەداتەوە. لە

قورئانـدا منـداڵ هیـچ مافێکـی نییە، تەنیا ئەرکی لەسـەر شـانە و ئەوە تەنیـا باوکـە مافـی بەسـەر منداڵـەوە هەیە. ئەمەش واتە سـەرکەوتنی تەواوەتـی باوکسـالاری لەسـەر دەسـتی ئیبراهیم"[٩]

لەبەر ئەوەی ئەم کارەکتەرانە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی کوردین، بێگومان خوێنەر بە کارەکتەرێک و ڕەنگە زیاتر هاوشووناس ببێت، ڕەنگە تا ئەو ڕادەیەی توڕەی بکات، بەتایبەت لە پرسە سێکشواڵییەکاندا، ئەویش بەوەی بیخاتە دۆخێکەوە خۆی تێیدا ئەزموون بکات؛ تا ئەو ڕادەیەی یادەوەریی خوێنەر بێزار بکات. گرنگە ئاماژە بەوە بدەین، ئەم کارەکتەرانە زادەی هەڵقوڵاوی مێژوویەکی دوور و درێژن و لە ڕۆمانەکەدا بەرجەستە دەبن، بەڵام بەشێوازێکی نوێ، وەک کارەکتەرێکی نوێی ئەدەبی ئێمە، لەدایک دەبنەوە. بەم مانایە، کارەکتەرەکانیش دووبارە دەچنەوە نێو هەمان پێناسەی کۆندێراوە؛ ئەم کارەکتەرانە هەر هەمان کارەکتەرەکانی کۆمەڵگەی ئێمەن؛ بەڵام بە ئیمکانێکی ترەوە، هەر ئاییندارن لێ بە ئیمکان و ژیانێکی جیاوازتر و ڕوانگەیەکی دیکە بۆ پرسی چەقی ڕۆمانەکە: عەشق. هەر کارەکتەرگەلی ماتریالیستی و بێخودان، بەڵام دووبارە بە ئیمکانی ترەوە، پشاندانی ڕوویەکی دیکەی کارەکتەری بوونگەرای ئێمەن؛ دووبارە بە ئیمکانێکی ترەوە. بەجۆرێک، ئەم کارەکتەرانە پێیەکیان لەناو ئەو واقعەدایە کە دەیبینین و دەیناسین، پێیەکەی دیکەیان لەو شوێنایە بۆ ئێمە نادیارە؛ هەم شوناسێکی دیار و هەم شوناسێکی نادیار، هەم پێدانی شوناسێکی جودا و هەم بینینی شوناسێکی نێو واقعە باوەکە. لە شوێنێک ئەم کارەکتەرانە بیرخەرەوەی واقعیی مرۆی ئێمەن، لە شوێنێکی دی جیاواز دەردەکەون.

 

٥

    لێرەوە ئەم کارەکتەرانە دۆخێکی مەترسیئامێز ڕووبەڕووی واقعی کۆمەڵگەی کوردییەوە دەکەن: وەک بڵێی ڕۆژێک دێت ئەم کۆمەڵگەیە ڕووبەڕووی ئەم مرۆڤانە دەبنەوە، ڕۆژێک دێت هەمان کارەسات ڕوودەدات کە لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا ڕووی دا، کێ چووزانێت! ڕەنگە سەدان کارەساتی لەو شێوەیە. بەڵام بێگومان، ڕۆمانەکە هەڵگری خەسڵەتێکی ئەدەبییە کە ڕەنگە تا ئەو شوێنە بوێرییمان هەبێت و بڵێین: کۆمەڵگە ئاگادار دەکاتەوە لە درووستبوونی مرۆڤی نوێ لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا. زەنگی پەیدابوونی ئەم کاراکتەرانە، کێشە بۆ واقعی کوردیی درووست دەکەن. زماندان پێیان؛ گێڕانەوە گرتنەدەست لە ئەدەبدا؛ ئەکتەکانیان و شێوەژیانیان خودی واقع دەخاتە کێشەوە. بە کڵێشەیی سەیری ڕۆمانەکە بکەین گێڕانەوەیەکی ڕیالیستیی هەیە؛ بەڵام ئایا ڕیالیزم هەمان ڕیالیزمی باوە کە هەڵگری حەقیقەتی ڕەهایە؟ ئایا ڕیالیزمی ئەم ڕۆمانە گێڕانەوە، یاخوود بارکردنی واقعە و دووپاتکردنەوەیەتی؟ بێگومان نەخێر. ڕیالیزمی حەشری ئاشقان، ڕیالیزمی بانگەکانی کۆمۆنیزمی سۆڤییەت نییە بۆ ژیانێکی باشتر، بەڵێندانی گەورە نییە لە بەرامبەر واقعدا. لە مێژوودا هیچ کاتێک ئەدەبی باڵا لەپێناو ئایدۆلۆژیادا نەبووە. هیچ کاتێک واقع وەک خۆی نەگواستراوەتەوە؛ بەڵکوو بە دۆزینەوەی ئیمکانەکانی دیکەی بوون، ناڕاستەوخۆ دژی واقعەکە دەوەستێتەوە. ڕیالیزم لەم ڕۆمانەدا ئەوەندەی لە دژەڕیاڵەوە نزیکە، ئەوەندە خەریکی وتنەوەی بەڵێنەکانی ناو واقع نییە کە لە دەستپێکی ئەدەبی ئێمەوە، تا ئێستا ئەم نەریتەش لای هەندێک کەس درێژەی هەیە. دابڕانی ڕوانگەی زەردەشت بۆ ڕیالیزم لە بەرانبەر ڕیالیزمی ئەدەبی ئێمە، دابڕانێکە سەر بە مێژووی ڕۆمان؛ با دووبارە بچینەوە لای کۆندێرا تا بتوانین ئەم تێزەیە باشتر پیادە بکەین.

    لای کۆندێرا، مەرگی ڕۆمان مەرگێکی یەکپارچە نییە لە زەمەنێکی نێو مێژووی مرۆڤدا، مەرگێک نییە وەک کۆتاییهاتن بە ڕۆمانس وەک ژانرایەکی ئەدەبی، یاخوود داستان، بەڵکوو مەرگێکە دەمیکە لەناو مێژوودا دەستی پێکردووە. مەرگی ڕۆمانیش لای کۆندیرا ئەو کاتەیە ڕۆمان بار دەکرێت لە ئایدۆلۆژیا. کۆندێرا خۆی لە شوێنێکدا ئاماژە بە ڕۆمانەکانی سەردەمی یەکێتیی سۆڤییەت دەدات کە دەکەونە ئەودیو مێژووی ڕۆمانەوە، چونکە سەر بە نەریتی کۆڵینەوەی بوون نین کە لای کۆندێرا ڕۆمان لە هەر فۆڕم و ژانرایەکی تری ئەدەبیی جودا دەکاتەوە. بۆ خودی کۆندێرا خۆی، ڕۆمان میدیۆمێکی بیرکردنەوەیە لە سەردەمی مۆدێرندا، وەک چۆن فەلسەفە، سۆسیۆلۆژیا و دەروونشیکاری، میدیۆمی بیرکردنەوەن. بەم مانایە بۆ کۆندێرا ڕۆمان کەرەستە و پێداویستی تایبەتی خۆی هەیە کە تەنها بۆ ڕۆمان دەست دەخەن. لای کۆندێرا گەر ڕۆمانیک پرسیار قووت نەکاتەوە، گەر کێشە بۆ واقع درووست نەکات، دەکەوێتە ئەودیو میژووی ڕۆمانەوە، کە هاوکات یەکسانیشە بە مەرگی ڕۆمان. ئەو خۆی لە شوێنێکدا دەبێژێت: "ڕۆمان هیچ شتێک ڕاناگەیەنێت؛ ڕۆمان دەپشکنێت و پرسیار قوت دەکاتەوە".[١٠]

بەم تێگەیشتنە، ئەدەبی ڕیالیزمی کوردی دەکەوێتە ئەودیو مێژووی ڕۆمانەوە، چونکە بە پلەی باڵا ئەدەبێکی ئایدۆلۆژییە- هەڵبەت هەندێک هەوڵ هەن جوایەز لەم تێگەیشتنە کار دەکەن. ڕیالیزمی ئێمە بەردەوام خەریکی خەونبینینی ناسیۆنالیستییە، لەلایەک دەیەوێ چەوتییەکانی واقح وەک خۆی بگوازێتەوە، لەلایەک واقعێکی ئایدۆلۆژیی درووست دەکات کە دژبەری چەوتی واقعە، واقح وەک شوێنێک بۆ ململانێی چینەکان، سەردار و ژێردەستە، ئاغا و کۆیلە، سەرمایەدار و پرۆلیتار، باش و خراپ، جوان و ناشرین، ئایینی و نائایینی و هتد... ئەدەبی ئێمە ئەدەبێکە دونیای بۆ ٢ بەش دابەش کردووە، کارکردنێکی ڕووت لە هەمبەر دوالیزمەکان. کۆتاییەکانیش، سەر بە عەیشونۆشی وەهمئامێزانەی سۆسیالیستییە. بەڵام ڕۆمانی حەشری ئاشقان، نەک هەر بەم تێگەیشتنە کار ناکات، بەڵکوو هەڵیشیدەوەشێنێتەوە. کارکردن لە هەمبەر واقع لە ڕۆمانەکەدا، دەکەویتە ئەودیو پێناسەکانی چاکە و خراپەوە؛ هەمووان بە هەمان بڕ زمانیان هەیە. ئەوەندەی خەریکی پرسیار درووستکردنە لەسەر واقع، ئەوەندە ڕەتکردنەوە یاخوود پشتبەستن بە دژەکەی نییە؛ ڕۆمانەکە خستنەڕووی ڕەهەندە جوایەزەکانی تێگەشتنە لەبارەی بوون و ئەشقەوە.

 

٦

    کۆتا خاڵ کە بە گرنگی دەزانم باسی بکەم، پرسی هێنانەناوەوەی چەند کارەکتەرێکی مێژووی ئەدەبی زارەکی و نووسراوی کوردە، مەم و زین، خەج و سیامەند، دوایینیشیان ڕۆزانا و کامەرانی شێرکۆ بێکەسن. ئەم کارکردنە لەسەر ئەوەی ئاخۆ گەر ئەم فیگەرانە بگەڕێنەوە ئەم سەردەمەی دەگوزەرێ، کار کردنێکی گرنگە. چیرۆک و ڕۆمانی کوردی، ئەو ئەدەبە بوون کە کەمترین ئاوڕیان داوەتەوە لە نەریتی ئەدەبیی پێش خۆیان بەتایبەتی ئەو ڕۆمان و چیرۆکانەی بەمدواییانە بلاو دەبنەوە. (ئەمە لە شیعردا کەمتر دەردەکەوێت). تۆدۆرۆڤ وای دەڕوانێ ژانرا و ئەدەبی گرنگ، تەنها لە ژانرا و ئەدەبی دیکەوە پەیدا دەبێت؛ ئا لەم چرکەساتەدا دەقەکان بەشێوازێک، بەناو ڕووباری یەکتریدا، دەڕژێنە ڕووبارێکی دیکەی ئەدەب و دەریایەکی دیکە دەنێو ئۆقیانسووسی ئەدەبدا درووست دەبێت. هەڵگرتنەوەی ئەم نەریتانەی دەنێو ئەدەبی نووسراو و زارەکیی ئێمەدا، چەقێکی گرنگ لە ڕۆمانەکەدا درووست دەکات. هەر ئەوەی پاشتر کارەساتە گەورەکەی نێو ڕۆمانەکەی لێوە هەڵدەقووڵێت: ئەویش ئەشقە. لە ڕۆمانەکەدا، چەندین ئیمکانی جۆر بەجۆری پێوەندی و عەشق دەبینین، لە زین و خەزاڵی هۆمۆسێکسواڵەوە، تا دەگات بە ڕۆزانا و کامەران کە لەگەڵ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، خوێنەر درک دەکات ڕەنگە سادەترینیان بێت. ئایا زەردەشت بەرگری لە ئەشق دەکات، ئایا ئەشق چییە؟ جەستە و دەروون چۆن پێوەست دەبن بە ئەشقەوە؟ ئێمە چۆن نیشتەجێی مێژووین و ڕەگمان داکووتاوە لەناو پارادایمە جیاوازەکانی مێژوودا؟ چۆن سەیری ژیانی خۆمان بکەین و لەوە ورد ببینەوە سەر بە چ دونیابینییەکین؟ ئەمانە هەموو ئەو پرسیارانەن لەناو کۆتا دیمەنەکانی ڕۆمانەکە دەورووژێن، لە خوانی ئاشقاندا. بێگومان زەردەشت ئەو ئامۆژگارییەی کۆندێرای لەبیر نەکردووە، کە "ڕۆمان وەڵام ناداتەوە، بەڵکوو پرسیار درووست دەکات."

 

 

پەراوێزەکان:

[١] بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەبارەی ڕەخنە لە مۆدێرنیتی لای هوسرێڵ، دەتوانن سوود لەم سەرچاوەیە وەربگرن:

Edmund Husserl's Crisis : A Critique of Modernity and a Phenomenology of History, John Cords, College of Saint Benedict/Saint John's University, 1993

[٢] ئۆنتۆلۆجی بنەڕەتی و بوونی مرۆڤ، د. محەمەد کەمال، ناوەندی ڕەهەند، ٢٠١٩.

[٣] بوون و کات، مارتن هایدیگەر، وەرگێڕانی د. محەمەد کەمال، چاپ و پەخشی سەردەم، ٢٠١٣.

[٤] بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە ڕوانگەی میلان کۆندێرا لەبارەی ڕۆمانەوە، دەتوانن سوود لەم چاوپێکەوتنە ببینن کە فلیپ ڕۆس لەگەڵی ئەنجامی داوە: https://azadbun.com/archives/6393?fbclid=IwAR1Wt43b8jbUonJO9UnhrG0oSGWlRpBIOQ_OlC-hcfe9MLdtX6chlEIT9Rw

[٥] Milan Kundera, The Art of the Novel, part one: The Depreciated Legacy of Cervantes, Translated from the French by Linda Asher, 1988

[٦] هەمان سەرچاوە.

[٧] هەمان سەرچاوە.

[٨] هەمان سەرچاوە.

[٩] حەشری ئاشقان، زەردەشت نورەدین، ناوەندی ڕۆمان، ٢٠٢٢.

[١٠] جیهان وەکوو پرسیار: چاوپیکەوتن لەگەڵ میلان کۆندێرا، ئەنجامدانی فلیپ ڕۆس، ماڵپەڕی ڕێکخراوی ئازادبوون، ٢٠٢٢.


Report Page